کتێبخانەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر کرایەوە
کتێبخانەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر کرایەوە. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت: بیرۆکەیەکی باشە بۆ ئاشناکردنەوەی هاووڵاتییان بە خوێندنەوەی کتێب.
پێنجشەممە، 27-02-2025، لەنێو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر، کتێبخانەیەک بۆ ئەو کەسانە کرایەوە کە ڕۆژانە چاوەڕێی تەواوبوونی مامەڵەکانیان دەکەن.
کتێبخانەکە، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و عەمید ئارام بورهان، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، کرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر، یەکێکە لە قەرەباڵغترین بەڕێوەبەرایەتییەکانە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و نۆرەگرتن تێیدا بە ئەلیکترۆنییە، واتا هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت بزانێت، بۆ تەواوبوونی مامەڵەیەکی چەند کاتی پێ دەچێت.
هەزاران کتێبی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزیی جۆراوجۆر لەنێو کتێبخانەکەدا هەن. هێمن میرانی گوتی: کردنەوەی کتێبخانەکە بیرۆکەیەکی زۆر باشە بۆ دووبارە ئاشناکردنەوەی هاووڵاتییان بە خوێندنەوەی کتێب، لە سەردەمێکی قەرەباڵغی تەکنەلۆجیدا، کە زۆرینەی هاووڵاتییان ئێستە کاتەکانیان بە تەماشاکردنی مۆبایلی زیرەکەوە بەسەر دەبەن.