کتێبخانەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر کرایەوە

کتێبخانەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر کرایەوە (وێنە: ئازەر فارووق - کوردستان24)
کتێبخانەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر کرایەوە (وێنە: ئازەر فارووق - کوردستان24)

 کتێبخانەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر کرایەوە. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت: بیرۆکەیەکی باشە بۆ ئاشناکردنەوەی هاووڵاتییان بە خوێندنەوەی کتێب. 

 پێنجشەممە، 27-02-2025، لەنێو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر، کتێبخانەیەک بۆ ئەو کەسانە کرایەوە کە ڕۆژانە چاوەڕێی تەواوبوونی مامەڵەکانیان دەکەن. 

کتێبخانەکە، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و عەمید ئارام بورهان، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، کرایەوە.

 

کتێبخانەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر کرایەوە (وێنە: ئازەر فارووق - کوردستان24)

 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر، یەکێکە لە قەرەباڵغترین بەڕێوەبەرایەتییەکانە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و نۆرەگرتن تێیدا بە ئەلیکترۆنییە، واتا هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت بزانێت، بۆ تەواوبوونی مامەڵەیەکی چەند کاتی پێ دەچێت. 

هەزاران کتێبی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزیی جۆراوجۆر لەنێو کتێبخانەکەدا هەن. هێمن میرانی گوتی: کردنەوەی کتێبخانەکە بیرۆکەیەکی زۆر باشە بۆ دووبارە ئاشناکردنەوەی هاووڵاتییان بە خوێندنەوەی کتێب، لە سەردەمێکی قەرەباڵغی تەکنەلۆجیدا، کە زۆرینەی  هاووڵاتییان ئێستە کاتەکانیان بە تەماشاکردنی مۆبایلی زیرەکەوە بەسەر دەبەن.