شەڕوپێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی ئەسەد ڕووی دا

ئەمڕۆ، 27ـی شوبات 2025، شەڕ و  پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارەکانی سووریا، لە شارۆچکەی 'جەدیدە ئەلفەزڵ' لە لادێکانی ڕۆژاوای دیمەشق، ڕووی دا.

حیسام تەحان، بەرپرسی ئەمنیی لادێکانی دیمەشق لە ڕاگەیەنراوێکدا گوتی: هەندێک لە چەکدارەکانی ڕژێمی پێشوو، هێرشیان کردە سەر یەکێک لە بازگەکانی سەر بە ئیدارەی ئاسایشی گشتیی لە گوندی جەدیدە ئەلفەزل و تەقەیان لە هێزەکانی بازگەکە کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو ئەندامی بازگەکە بریندار بوون."

هاوکات شەوی رابردووش، لە شاری قەرداحە لە پارێزگای لازقیە، هێرش کرایە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزە ئەمنیەکان.

مستەفا کنیفاتی، بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی گشتیی لە پارێزگای لازقیە گوتی: لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی ناوچەکە و پاراستنی سەلامەتی و موڵک و ماڵی خەڵکی پارێزگای لازقیە، یەکە ئەمنییەکانمان خاڵێکی پشکنینیان لە ناوچەی قەرداحە دانا.

جەختیشی کردەوە "گرووپە چەکدارەکان هەوڵیان داوە ڕێگریی لە بازگەکان بکەن و پشێویی دروست بکەن و هێرش بکەنە سەر بنکەکانی پۆلیس."