پێنج گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری پارێزگای نەینەوا هەڵدرانەوە

پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، دەزگای شەهیدانی عێراق ڕایگەیاند، پێنج گۆڕی بەکۆمەڵیان لە پارێزگای نەینەوا هەڵداوەتەوە، کە لەلایەن داعشەوە کوژراون.
دەزگای شەهیدان, ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە "تیمی تەکنیکیی تایبەتمەند لە بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدان و بەشی پزیشکی دادوەری لە وەزارەتی تەندروستی, ڕێکارەکانی هەڵدانەوەی پێنج گۆڕی بەکۆمەڵیان لە پارێزگای نەینەوا و قەزای شنگال و قەزای بەعاج تەواو کرد."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا, ئاماژە بەوەش کراوە "بەپێی ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییەکان، سەرجەم ئەو پاشماوانەی دەرهێنراون، ڕادەستی بەشی پزیشکی دادوەری کران، بەپێی تۆمارە ڕەسەنەکانی ڕادەستکردن، بەمەبەستی پشکنینی تاقیگەیی و وەرگرتنی نموونەی ئێسکیان، دواتر هاوتاکردنی لەگەڵ نموونەی خوێن وەک ئامادەکارییەک بۆ ناسینەوەی قوربانییەکان و دواتر گەڕاندنەوەیان بۆ خێزانەکانیان."
جەختیش کراوەتەوە، "سەرجەم پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و دۆسییەکان ڕەوانەی دادگای پەیوەندیدار دەکرێن." دەشڵێت: کاری سەرەتایی پشکنینی تەکنیکی لە شوێنێکدا کراوە کە دەکەوێتە کۆمەڵگەی ئەلجەزیرە.