ئۆتۆمبێلێک ژمارەیەک ئیسرائیلی شێلا؛ حەماسیش به‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ناوی برد

پۆلیسی ئیسرائیل كه‌سێك ده‌ستگیر ده‌كات و ده‌ڵێت، گومان ده‌كرێت به‌رپرس بێت له‌ شێلانی حه‌وت ئیسرائیلی له‌ حه‌یفا؛ هاوكات بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ده‌ڵێت، ڕووداوه‌كه‌ په‌یامێكی ڕوونه‌ بۆ "داگیركه‌ری ئیسرائیل" كه‌ تا ئێسته‌ موقاوه‌مه‌ به‌رده‌وامه‌.

پێنجشه‌ممه‌، 27ـی شوباتی 2025، پۆلیسی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند، حه‌وت كه‌س له‌ ئه‌نجامی شێلانی ئۆتۆمبێل له‌ چوارڕیانی كاركوور له‌ باشووری شاری حه‌یفا له‌ باكووری ئیسرائیل بریندار بوون.

پۆلیسی ئیسرائیل ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، دوای ڕووداوه‌كه‌ كه‌ گومان ده‌كرێت هێرشێكی تیرۆریستی بووبێت، گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامدا حه‌وت كه‌س بریندار بوونه‌ و برینی دووانیان مه‌ترسیداره‌.

 پۆلیسی ئیسرائیل ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ئۆتۆمبێلێك و شۆفێره‌كه‌یان ده‌ستگیر كردووه‌، كه‌ گومان ده‌كرێت به‌رپرس بن له‌ ڕووداوه‌كه‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی ڕایگه‌یاندووه‌، ڕووداوه‌كه‌ په‌یامێكی ڕوونی بۆ ده‌سه‌ڵاتی "داگیركه‌ری توندڕۆی ئیسرائیل" كه‌ تا ئێسته‌ موقاوه‌مه‌ به‌رده‌وامه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌م ڕووداوه‌ وه‌ڵامێكی سروشتییه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی ئیسرائیل به‌رانبه‌ر به‌ دانیشتووانی كه‌ناری خۆرئاوا ده‌یكات.