ئیسرائیل بۆ بەردەوامیدان بە ئاگربەستی غەززە شاندێکی ناردووەتە میسر
دوو شاندی ئیسرائیلی و قەتەری چوونەتە میسر بە مەبەستی بەردەوامیدان بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە و دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، ناوبراو شاندێکی دانوستانی ناردووەتە قاهیرەی پایتەختی میسر بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە.
بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، مەبەست لە سەردانی شاندەکە بۆ میسر، درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستە لەگەڵ مقاوەمەی ئیسلامی لە فەڵەستین (حەماس) بە ئامانجی ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆرتری بارمتە ئیسرائیلییەکان لەنێو کەرتی غەززە.
لەلایەکی دیکەوە ناتانیاهۆ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دووپاتی کردەوە، هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرنەبەر تاوەکوو هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان دەگەڕێننەوە ماڵەکانیان.
هاوکات دەستەی گشتیی پرسگەی میسری لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو "ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، 27-02-2025، دوو شاندی ئیسرائیلی و قەتەری گەیشتنە قاهیرە تاوەکوو درێژە بدەن بە گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بە بەشداریی نێوەندگیرانی ئەمەریکی."
دەستەی گشتیی پرسگەی میسری ئاماژەی بەوەش کردووە "لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە گفتوگۆیەکی چڕکردووە بۆ تاوتوێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گەرەنتیکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە."
باسی لەوەش کردووە "نێوەندگیرەکان کار بۆ زیاتر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ کەرتی غەززە دەکەن بە مەبەستی باشترکردنی گوزەرانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی سڤیل."
تاوەکوو ئێستە، حەماس بە فەرمی ناردنی هیچ شاندێکی دانوستانکاری بۆ میسر بە مەبەستی درێژەدان بە ئاگربەستی شەڕ، ڕانەگەیاندووە.
قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، ڕۆژی 19ـی کانوونی دووەمی 2025، بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، قەتەر و میسر چووە واری جێبەجێکردنەوە. لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا دەیان بارمتەی ئیسرائیلی و نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی ئازاد کراون.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە سبەینێ شەممە، 01-03-2025، کۆتایی دێت، بەڵام ئیسرائیل کار بۆ درێژکردنەوەی کاتی ئەم قۆناغەیە دەکات بە مەبەستی ئازادکردنی زیاتر لە 60 بارمتەی ژێر دەستی حەماسدا ماون.