مۆسکۆ: دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا لە ئیستانبوڵ ئەرێنی بوو

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ستیاشی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا لە ئیستانبوڵ کرد و بە "جەوهەری و واقیعی" پێناسەی کرد.

هەینی 28ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لەبارەی دانوستانەکانی شاندی ئەمەریکا و ڕووسیا لە ئیستانبوڵ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ستیاشی ئەو دانوستانانەی کرد و بە ئەرێنی، جەوهەری و واقیعی پێناسەی کرد.

وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەشدا، شاندەکان باسیان له پرسەکانی پەیوەندیدار بە دەستبەسەرداگرتنی موڵکی دیپلۆماسی ڕووسیا له ئه مەریکا کردووە، داواش له ئەمەریکییەکان کراوە بیر لەوە بکەنەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان دەست پێبکەنەوە.

پێنجشه‌ممه‌، 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا له‌ ئیستانبوڵ كۆبوونه‌وه‌، ڤلادیمێر پوتینیش، ڕایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان مۆسكۆ و واشنتن ئومێدبه‌خشن. نه‌یشیارده‌وه‌، هه‌ندێك وڵاتانی ئه‌ورووپا هه‌وڵی تێكدانی گفتوگۆكانی نێوانیان ده‌ده‌ن.

پوتین جه‌ختیشی كرده‌وه‌، مۆسكۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا ڕه‌ت ناكاته‌وه‌، به‌ڵكوو بۆ هه‌ر هه‌نگاوێكی له‌م شێوه‌یه‌ هاوكار ده‌بێت و هاوكات به‌ توندیش ڕووبه‌ڕووی سیخوڕیكردن به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌یان ده‌وه‌ستنه‌وه‌.

چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ لەمیانەی سەردانەکەی بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا سەبارەت بە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا ڕایگەیاند "سبەی پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئەمەریکا و ڕووسیا بۆ تاوتوێکردنی کێشەکان سەبارەت بە کاری باڵیۆزخانەکانیان کۆ دەبنەوە."

یەکەمین دیداری شاندەکانی هەردوو وڵات لە 18ـی شوباتی ئەم ساڵ لە ڕیازی پایتەختی سعوودییە بەڕێوەچوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕاگرتنی شەڕی ئۆکرانیا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییانەدا ڕایگەیاند: کە بەم نزیکانە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە سعوودییە وتووێژ دەکات بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا.