شەڕە قسە لەنێوان ترەمپ و زێلێنسکی ڕوویدا

سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆکرانیا
سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆکرانیا

ترەمپ بە زێلێنسکی ڕاگەیاند: تۆ هیچ هەڵوێست و پێگەیەکت نییە کە پێمان بڵێی چی بکەین و هیچ کارتێکی فشاریشت نییە، لە جەنگدا لەگەڵ ڕووسیا برەوا نیت و دۆڕاویت.

هەینی 28ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، گرژی لەنێوانیان دروست بوو و بە توندی وەڵامی یەکتریان دایەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا، بە سەرۆکی ئۆکرانیای ڕاگەیاند: هەڵوێستێکی باشت نییە و لە هیچ پێگەیەکدا نیت، هەروەها هیچ کارتێکی فشارت نییە.

هەروەها گوتی: "تۆ پێمان مەڵێ چی بکەین و چۆن هەست بکەین، ئێمە دەزانین چۆن کێشە چارە بکەین، ئێمە هەستێکی بەهێزمان هەیە."

لە درێژەی گرژییەکانی نێوانیان، ترەمپ، ئاماژەی بەوە دا، کە زێلێنسکی هیچ هەڵوێست و پێگەیەکی نییە، هەروەها هیچ کارتێکی فشاری نییە و قومار بە جەنگی جیهانیی سێیەمەوە دەکات.

ترەمپ، بە زێلێنسکیشی گوت: "دەبێت ڕێککەوتن بکەیت و ئێستا تۆ بێ ڕێزی بە وڵاتێک دەکەیت کە لە سەرەتا جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیاوە زۆر هاوکاری کردوویت."

سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد، زێلێنسکی لە جەنگدا براوە نەبووە، هیچ دەرفەتێکی باشی نییە و دەبێت سوپاسگوزار بێت ئەگەر لە جەنگەکەدا بە سەلامەتی ڕزگاری بێت.

ترەمپ، بایدنی بە گەمژە پێناسە کرد و گوتی: سەرۆکێکی گەمژە بە بەهای 350 ملایار دۆلار هاوکاری سەربازیی ئۆکرانیای کرد، ئەگەر هیچ کەرەستەیەکی سەربازیی بۆ وڵاتەکە ڕەوانە نەکرابووایە جەنگەکە بە دوو هەفتە کۆتایی دەهات، زێلێنسکیش وەڵامی دایەوە و گوتی: ئەم قسەیەم لە پوتینیش گوێ لێبووە.

سەرۆکی ئەمەریکا، دەشڵێت: ئەگەر ئاگربەست لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕابگەیەندرێت زۆر باشە و خەڵکیش هەر ئەوەیان دەوێت.

لەسەر داواکاری ترەمپ، زێلینسکی بە نیگەرانییەوە کۆشکی سپی جێهێشت و واژۆی لەسەر ڕێککەوتنی کانزا دەگمەنەکان نەکرد، لەم بارەیەوە ترەمپ گوتی: ئەگەر زێلێنسکی ئامادەی ئاشتی نەبێت، جارێکی دیکە لە کۆشکی سپی پێشوازیی لێ ناکرێت.