وەزیری دادی تورکیا: دەکرێت تۆماری ڤیدیۆیی ئۆجەلان هەبێت بەڵام ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی نادرێت

وەزیری دادی تورکیا، دەڵێت: ئەگەر پەکەکە وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەداتەوە، ئەوا لە ڕووبەڕووبوونەوەیان بەردەوام دەبین.
هەینی 28ـی شوباتی 2025، یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی لەبارەی ئەگەری بوونی دیمەنی ڤیدیۆیی پەیامەکەی ئۆجەلان ڕایگەیاندووە، دەکرێت تۆماری ڤیدیۆیی ئۆجەلان هەبێت بەڵام ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی نادرێت.
لەبارەی چەکدانانی پەکەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەدرێتەوە، ئەوا لە ڕووبەڕووبوونەوەیان بەردەوام دەبن و، یان چەک دادەنێت یان بە چەکەوە دەنێژرێن.
وەزیری دادی تورکیا، گوتی: نەک تەنیا لەگەڵ پەکەکە، بەڵکو ڕووبەڕووی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان دەبنەوە، و ئامانجییان توركیایهكی بێ تیرۆره. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەگەر تیرۆر کۆتایی بێت وڵاتەکەیان قازانج دەکات.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیاريەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.