ڕوبیۆ: دەبێت زێلێنسکی داوای لێبوردن لە ترەمپ بکات

زێلێنسکی: پێم وانییە هیچ شتێکی خراپمان کرد بێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد، لەسەر ئەو مشتومڕ و دەمەقاڵێیەی لە کۆشکی سپی کردی، داوای لێبوردن لە ترەمپ بکات. لەلایەن خۆیەوە زێلێنسکی ڕایگەیاندووە، پێم وانییە هیچ شتێکی خراپمان کرد بێت، بەڵام ئەوەی ڕووی داوە سوودی بۆ هیچ لایەنێکمان نەبوو.

مارکۆ روبیۆ بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە "پێویستە سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لێبوردن بکات لە بەرانبەر بە فیڕۆدانی کاتی کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی کە بەم شێوەیە کۆتایی پێهات."

ڕوبیۆ گوتی: "زۆر بە ڕوونی پلانی خۆمان دیاری کردووە، بۆ ئەوەی ڕووسەکان ڕابکێشینە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا، لە هەموو ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ ئۆکراینییەکان هەمان بووە، ئاڵۆزییان دروست کردووە، تاوەکوو لە قسەکانی زێلێنسکی هەمان ئاڵۆزی هەبوون، هەربۆیە گومانمان هەیە لەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەیی تێدا بێت بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: لەوانەیە  زێلێنسکی ڕێککەوتنی ئاشتی نەوێت، هەرچەندە وتوویەتی، دەیەوێت، بەڵام لەوانەیە نەیەوێت، چونکە ئەم شێوازە بۆ تێکدانی هەوڵەکان هێنانەدی ئاشتی، زۆر مایەی بێهیوییە.

لە بەرانبەردا، زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمەریکی، هەر دوای دەرچوونی لە کۆشکی سپی، گوتی: ڕێز لە سەرۆک ترەمپ و ڕێز لە گەلی ئەمەریکا دەگرم.

کاتێک پێشکەشکاری کەناڵەکە پرسیاری لە زێلێنسکی کرد ئایا ئامادەیە داوای لێبوردن لە ترەمپ بکات، سەرۆکی ئۆکرانیا وەڵامی دایەوە و گوتی: دەبێت زۆر ڕوون و ڕاستگۆ بین، پێم وانییە هیچ شتێکی خراپمان کرد بێت، بەڵام دان بەوەدا دەنێم کە ئەوەی ڕووی دا سوودی بۆ هیچ لایەنێکمان نەبووە.

زێلێنسکی گوتی: نازانێت ئایا ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، تەڵەیەکی پێشوەختە بووە یان نا؟ وەک هەندێک لە دیموکراتەکان بانگەشەیان بۆ کردووە، بەڵام بە دۆخێکی زۆر سەخت ناوی برد.

زێلێنسکی گوتیشی: ترەمپ نێوەندگیرێکی یەکسان دەبێت لە نێوان ئێمە و ڕووسەکاندا و پێم باش بوو زیاتر پشتیوانمان بێت. ڕاستگۆیانە بڵێم ئەوەی لە کۆشکی سپی ڕوویدا باش نەبوو.

دەشڵێت: ئێمە ئاشتیمان دەوێت، هەر ئەمەشە وای کردووە کە من لە ئەمەریکام و سەردانی سەرۆک ترەمپ دەکەم، ئەوەی ڕووی دا دۆخێکی سەخت بوو.

باسی لەوەش کرد، بابەتگەلێک هەن دەبێت دوور لە میدیا باس بکرێن، لەگەڵ هەموو ڕێزێکی پێویست بۆ دیموکراسی و میدیای ئازاد. ڕاگرتنی ڕووسیا بەبێ پاڵپشتی ئەمەریکا ئەستەمە و دەشڵێت: واشنتن زۆر حەزی لە مامەڵەی کانزاکان بوو و ئێمە دژی نین و تەنیا ویستمان لەوە تێبگەین کە پەیوەندی بە گەرەنتی ئەمنییەوە هەیە.

زێلێنسکی، ڕۆژی هەینی گەیشتە کۆشکی سپی بۆ ئیمزا کردنی ڕێککەوتننامەی کانزاکان کە چەند وەزیرێکی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا پەسەندیان کردبوو، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی سەبارەت بە چارە کردنی کێشەکانی ئۆکرانیا بکرێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment