تەرمی شاخەوانە ون بووەکانی بانە دۆزرانەوە

جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتیی ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی چوار شاخەوانی دیکە لە بەفری شاخی حەوت تاش دۆزرانەوە.

عەلی ئەکبەر وەرەمقانی ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاداری 2025، بە ئاژانسی ئیرنای ڕاگەیاند، لە ئێوارەی دوێنێ هەینییەوە چەند تیمێکی فریاگوزاری لە شاخی حەوت تاشی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرقاڵی گەڕان بوون بە دوای حەوت شاخەوانی ون بوو، کە لە دۆڵێکەوە لە سێ لاوە کەوتوونەتە ژێر ڕەنوی بەفرەوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، سەرەتا توانرا تەرمی دوو لە شاخەوانەکان بدۆزرێتەوە و یەکێکیش بە برینداری ڕزگار بکرێت و بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەرما و زریانەوە، شەوی ڕابردوو پرۆسەی لێگەڕان ڕاگیراو بەرە بەیانی ئەمڕۆ تیمەکان دەستیان بەکار کردەوە، تا دواجار توانرا تەرمی چوار شاخەوانەکەی دیکەش بدۆزرێتەوە.

هەر لە بارەی ڕووداوەکەوە، ئەنجوومەنی پاژینی بانە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی گەڕان بە دوای ئەو شاخەوانانە دەستی پێکرد و توانرا کاتژمێر 6ـی بەیانی تەرمی عومەر عەبدوڵڵاھی، خالق محەممەد نەژاد، ڕووناک دانشمەند و کاروان ئەحمەد پەنا بدۆزرێتەوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، لەم کارەساتەدا دوو ئافرەت و چوار پیاون بە ناوەکانی شەهلا ڕەحمانی، ڕووناک دانشمەند، عومر عەبدوڵڵاهی،کاروان ئەحمەدپوور، خالق محەممەد نەژاد و یاسا سادقی کە خەڵکی شاری بانەن و گیانیان سپاردووە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment