پیاوێک بۆ 90 خولەک دەبێتە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاوی کردەوە، بانکی 'سیتی گرووپ'ـی ئەمەریکی، بە هەڵە 81 تریلیۆن دۆلاری خستۆتە سەر حسابی کڕیارێکمان لەجیاتی ئەوەی 280 دۆلاری بۆ بگوازرێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوخۆیی کە لە ڕۆژنامەکەدا بڵاو کراوەتەوە، کارمەندێکی بانکەکە دوای 90 خولەک لە گواستنەوەی پارەکە، هەڵەکەی زانیوە و دوای چەند کاتژمێرێک گواستنەوەکەی پێچەوانە کردووەتەوە و پارەکەیان لەهەژماری ئەو کڕیارە وەرگرتووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، گواستنەوەی ئەم بڕە پارەیە بەهۆی هەڵەی تێکردنی داتا و سیستەمی پاشەکەوتەوە بووە.
بانکی سیتی گرووپ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە " بەهەر شێوەیەک بێت ئەو پارەیە نەدەدرا، چونکە بانک خۆی ئەو پارەیەی نییە."
سەرچاوەیەک بە ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی ڕاگەیاند، سیتی گرووپ، بەرپرسانی دارایی ئەمەریکای لەو هەڵەیە ئاگادار کردووەتەوە.