سوپای ئۆکرانیا پاڵپشتیی خۆی بۆ زێلێنسکی دووپات کردەوە
دوای دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمێر زێلینسکی، ئۆلێکساندەر سێرسکی، فەرماندەی سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا پشتیوانیی لە سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن.
ئۆلێکساندەر سێرسکی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هێزە چەکدارەکان، لەگەڵ ئۆکرانیا و گەلی ئۆکرانیا و سەرکردەی ئۆکرانیادایە، هێزمان لەیەکبوونماندایە.
ڕۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا بکەن و شەڕ بوەستێت، بەڵام لەناکاو بووە شەڕە قسە لە نێوان هەردوولا.
دوای ئەوەی زێلێنسکی کۆشکی سپی جێهێشت، ترەمپ لە تۆری کۆمەڵایەتی 'ئێکس' نووسیویەتی: ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی زۆر مانادارمان هەبوو، لەوە تێگەشتین گفتوگۆ لە دۆخێکی فشاراویدا ناکرێت، لەو باوڕەم زێلێنسکی ئێستا بۆ ئاشتەوایی ئامادە نییە، بەتایبەت ئەگەر ئەمەریکا بەشدار بێت، چونکە پێیوایە ئەمەریکا بەشداربوونی لە دانوستاندنەکان لە بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەهێنێت، بەڵام من بەرژەوەندی و دەستکەوتم ناوێت، ئاشتیم دەوێت، ئەو لە کۆشکی سپی بێڕێزیی بە ئەمەریکا کرد، کەی ئامادە بوو بۆ ئاشتی دەتوانێت بگەڕێتەوە.
گواستنەوەی دیمەنی مشتومڕی ترەمپ و زێلێنسکی لە کۆشکی سپی، میدیا جیهانییەکانی تەنی و کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، لەلایەن خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، ڕووسیا دەستدرێژیکارە و دەبێت ڕێز لەو کەسانە بگیرێت، کە لە سەرەتاوە شەڕیان کردووە.
هەروا کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە، زێلێنسکی لەم سەردانەیدا ئامادە نەبووە ئیمزا لەسەر ڕێککەوتننامەی پێدانی کانزا دەگمەنەکانی ئۆکرانیا بە ئەمەریکا بکات.