چوارچێوەی هەماهەنگی: هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان نییە
سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە ئاشکرای کرد، هەندێک پارت لە عێراق هەوڵ دەدەن هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دوا بخەن.
عەلی فەتلاوی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بە میدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند "ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەی باسیان لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان کردووە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا ڕاست نییە، ئەمانە هەوڵێکن بۆ سەرلێشێواندن و دروستکردنی کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن."
عەلی فەتلاوی گوتیشی "هەموو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتی خۆیدا بکرێت، کە بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، ئاماژەی بەوەش دا، هیچ نیازێکی سیاسی و حکوومەتی نییە بۆ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن."
قسەکانی ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای ئەوە هات کە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویان کردبووەوە 'نووری مالیکی و هادی عامری' لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی فراکسیۆنەکان ڕێک کەوتوون پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتوو دوا بخەن، ئەمەش بە بیانووی نەبوونی هەلومەرجی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
ئەو سەرچاوانە گوتویانە "مالیکی پێی وابووە هەڵبژاردن لەم کاتەدا بۆ زۆربەی لایەنەکانی ناو چوارچێوە بە مانای 'خۆکوشتنی سیاسی' دێت."