پەخشکردنی درامای معاویە لە کەناڵی 'ئێم بی سی عێراق' قەدەغە کرا

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، پەخشکردنی درامای معاویەی لە کەناڵی 'ئێم بی سی عێراق' قەدەغە کرد.

شەممە 1ـی ئاداری 2025، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕیاری قەدەغەکردنەکە لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتە یاساییانەیە کە بەپێی فەرمانی یاسایی 65ـی ساڵی 2004ی کارپێکراو پێی بەخشراوە.

دەستەکە ڕایگەیاند: "پەخشکردنی ئەو درامایە مێژووییانە ڕەنگە ببێتە هۆی هاندان بۆ ناکۆکی تائیفی، کە مەترسی لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی دروست دەکات و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، بە تایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا".

هاوکات، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، داوای لە هەموو دامەزراوە مێدیاییەکان کردووە، پابەند بن بە ستانداردە پیشییەکان و خۆیان لە پەخشکردنی ئەو بابەتانە بەدوور بگرن، کە ڕەنگە بێتە هۆی فیتنە یان ناکۆکی تائیفی.

دەستەکە گوتیشی: بۆ ئەم مەبەستە نووسراوێکی فەرمی بۆ بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی 'ئێم بی سی عێراق' نێردراوە و داوای لێ کراوە پابەندی بڕیارەکە بێت و دراماکە پەخش نەکات.

جەختی لەوەش کردەوە، ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بەرانبەر هەر کەناڵ و لایەنێک دەگیرێتەبەر ئەگەر پێشێلی یاسا مێدیاییەکان بکات کە لە وڵاتەکە کاری پێ دەکرێت.