سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداریی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی دەکات

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەشداریی لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی دەکات و جەختیشی لەوە کردەوە دەبێت غەززە بە سەربەخۆیی و سەقامگیری بمێنێتەوە، بەبێ هیچ ڕاگواستنێک و داگیرکارییەک.
ئەنتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەشداریی لە لووتکەی بەپەلەی کۆمکاری عەرەبی دەکات، کە بڕیارە لە 4ـی ئاداری 2025 لە میسر بەڕێوە بچێت.
لووتکەکە لەبارەی پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ ڕاگواستنی خەڵکی فەڵەستین، بونیاتنانەوەی غەززە و نوێترین پێشهاتەکانی ناوچەکە دەبێت.
ئەنتۆنیۆ گوتێرس بەر لە بەشداریکردنی لووتکەکە گوتی: پلانێک لەبارەی ئاگربەستی غەززە و ئیسرئیل بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیل و بارمتهکان و نەخشەڕێگایەک بۆ بونیاتنانەوەی غەززە و سەقامگیریی ناوچەکە لە لووتکەکەدا پێشکەش دەکات.
هەروهها ئاماژەشی دا: دەبێت کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات قودس وەکوو بەشێک لە حکوومەتی فەڵەستین بمێنێنەوە؛ هاوكات دەبێت غەززە بە سەربەخۆی و سەقامگیری بمێنێتەوە، بەبێ هیچ ڕاگواستنێک و داگیرکارییەک.
پێشتر وڵاتانی عەرەب پێشنیازەکەی دۆناڵ ترەمپیان، بۆ ڕاگواستنی خەڵکی فەڵەستین بۆ میسر و ئوردن ڕەت کردووتەوە، لەو بارەیەوەشە بڕیاریان دا لە میسر لووتکەی کۆمکاری عەرەبی ببەستن.