ئه‌ردۆغان هۆشداریی دەداتە پەکەکە

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: ئه‌گه‌ر پێویست بكات درێژه‌ به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانمان ده‌ده‌ین، هەروەها لەبارەی پرۆسەی ئاشتی وڵاتەکەی گوتی: ئه‌گه‌ر پابه‌ندبوون به‌ به‌ڵێنه‌كان نه‌بێت به‌رد له‌سه‌ر به‌رد ناهێڵین.

شەممە 1ـی ئاداری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، له‌ نوێترین لێدوانیدا له‌باره‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ وڵاته‌كه‌ی گوتی: "ئەگەر پرۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە بوەستێت یان  بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکات، ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دژی دەست پێدەکاتەوە."

ئه‌ردۆغان، باسی لەوە کرد، فێڵ قبوڵ ناكه‌ین و پابه‌ندبوونمان ده‌وێت، هەروەها گوتیشی: ئه‌گه‌ر پابه‌ندبوون به‌ به‌ڵێنه‌كان نه‌بێت به‌رد له‌سه‌ر به‌رد ناهێڵین.

هەر ئەمڕۆ، کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ئاگربەستی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە، تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەریان هیچ چالاکییەکی چەکداریان نابێت. هەروەها ئازادکردنی ئۆجەلانیشیان کردووەتە مەرجی بەستنی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە.

هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment