دەوڵەت باخچەلی: ئەو پەیامەی لە ئیمراڵی نووسراوە، لە سەرەتاوە تا کۆتایی بە نرخە

سهرۆكی مهههپه، دەڵێت: پەیامەکەی ئیمراڵی لە سەرەتاوە تا کۆتایی زۆر گرنگ و بە نرخە، هەروەها پەیامەکەی قەندیلیش بە هەمان شێوە بە بەهایە و جێگەی ڕەزامەندییە.
شەممە 1ـی ئاداری 2025، دەوڵەت باخچەلی، سهرۆكی مهههپه، لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و قەندیل هاتە دەنگ و هەردوو پەیامەکەی بە گرنگ پێناسە کرد.
سهرۆكی مهههپه، دەڵێت: ئەو پەیامەی لە ئیمراڵی نووسراوە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بە نرخ و گرنگە، هەروەها پەیامەکەی قەندیلیش بە بەهایە و جێگەی ڕەزامەندییە.
هاوکات گوتیشی: هەردوو پەیامەکەی ئیمراڵی و قەندیل، تەواوکەری یەکترن و لە ڕاستیدا دڵخۆشکەرن.
هەر ئەمڕۆ، کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ئاگربەستی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە، تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەریان هیچ چالاکییەکی چەکداریان نابێت. هەروەها ئازادکردنی ئۆجەلانیشیان کردووەتە مەرجی بەستنی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.