ڕاپۆرتێک: ژماره‌ی ڕژێمه تاكڕه‌و و نادیموكراسییه‌كان له جیهاندا زیاتر بووه

پێوەرەکانی دیموکراسیی ئاماژه به‌وه ده‌كات ڕژێمه تاكڕه‌وه‌كان له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ژماره‌یان زیاتر بووه؛ ده‌شڵێت، سه‌رجه‌م ڕژێمه عه‌ره‌بییه‌كان جگه له دوو وڵات، نادیموكراتیین.
پێوه‌ره‌كانی دیموكراسیی له نوێترین ڕاپۆرتیدا كه له لایه‌ن یه‌كه‌ی " The Economist" بۆ توێژینه‌وه و شیكردنه‌وه‌وه ده‌رده‌چێت، ڕایگه‌یاندووه، ڕژێمه تاكڕه‌و و چه‌وسێنه‌ره‌كان له ساڵی 2024ـدا له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ژماره‌یان زیادی كردووه، به شێوه‌یه‌ك ڕێژه‌ی 39%ـی دانیشتووانی جیهان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا ئه‌و ڕژێمانه‌دان.
پێوه‌ره‌كانی دیموكراسیی ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، له جیهاندا 60 وڵات ڕژێمه‌كانیان تاكڕه‌و و چه‌وسێنه‌رن، له كاتێكدا له ساڵی 2023ـدا ژماره‌یان 59 وڵات بووه و له ساڵی 2014ـدا ژماره‌یان 52 بووه.
پێوه‌ره‌كانی دیموكراسیی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، وڵاتانی عه‌ره‌بی له پاشه‌كشێی دیموكراسیدان، به شێوه‌یه‌ك سه‌رجه‌میان له ده‌ره‌وه‌ی پۆلینی "دیموكراسین"، به‌ڵكوو ته‌نیا تونس و مه‌غریب ده‌كه‌ونه ناو خانه‌ی "دیموكراسیی تێكه‌ڵ".
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كردووه، وڵاتانی جیهان به‌سه‌ر چوار پۆلین دابه‌ش ده‌بن؛ دیموكراسی هه‌مه‌كی، دیموكراسی خه‌وشدار، دیموكراسی تێكه‌ڵ و ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌و.
هاوكات هه‌ر یه‌ك له نه‌رویج، نیوزله‌ندا و فینله‌ندا له پله‌ی یه‌ك تاوه‌كوو سێی ڕیزبه‌ندی وڵاتانی دیموكراسین و كۆریای باكوور، میانمار و ئه‌فغانستانیش له پله‌كانی كۆتاییدان.