دوای دەمەقاڵێیەکەی کۆشکی سپی، هاوپەیمانانی ئۆکرانیا لە لەندەن کۆ دەبنەوە
سەرۆک و سەرکردەی 15 وڵات بۆ فشار خستنە سەر ڕووسیا و دووپاتکردنەوەی پاڵشپتیی خۆیان بۆ ئۆکرانیا، لە لەندەن کۆ دەبنەوە.
وا بڕیارە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 02-03-2025، سەرۆک و بەرپرسانی 15 وڵاتی هاوپەیمانی ئۆکرانیا، لە لەندەن بەشداریی لە لووتکەیەک بکەن، بە مەبەستی تاوتوێکردنی زیادکردنی فشاری ئابووریی بۆ سەر ڕووسیا و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتیی سەربازی و دارایی خۆیان بۆ کیێڤ لە ڕووبەڕووبوونەوەی مۆسکۆدا.
بەستنی ئەم لووتکەیە لە لەندەن، پاش دەمەقاڵێیەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کۆشکی سپی، بڕیاری لەسەر درا.
چاوەڕێ دەکرێت وڵاتانی بەشدار لە لووتکەکەدا، پلان بۆ ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا لە پاڵپشتیکردنی کیێڤ لە ڕووی سەربازی و داراییەوە دابنێن و پاڵپشتی سەربازیی ئەورووپا بۆ سوپای ئۆکرانیا گەرەنتی بکەن.
ژمارەیەک لە بەشداربووانی لووتکەی لەندەن:
1. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
2. ئۆڵاف شۆڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا
3. جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا
4. دۆناڵد تۆسک، سەرۆک وەزیرانی پۆلەندا
5. جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا
6. مارک ڕۆتە، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی ناتۆ
7. ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەوروپا
8. ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا
ئەم لووتکەیە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت، ڕۆژی شەممە، 01-03-2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گەیشتە لەندەن و بە گەرمی لەلایەن کێیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاوە پێشوازیی لێ کرا. دواتر هەردوولا ڕێککەوتنێکیان بۆ پێدانی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بۆ کیێڤ ئیمزا کرد.
هاوکات بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەش، 06-03-2025، لووتکەی نائاسایی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئۆکرانیا بەڕێوە بچێت.