دیوانیە.. بازرگانێک بەسێ کیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کرا

یەکشەممە، 2ـی ئاداری 2025، لە دیوانییە هێزە ئەمنییەکان بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کرد کە سێ کیلۆ کریستاڵی پێ بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە دیوانیە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کردووە، کە سێ کیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆری کریستالی پێ بووە."
ئاماژەی بەوەش کردووە "تۆمەتبارەکە ڕەوانەی لایەنی پەیوەندار دەکرێت، بۆ گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی لە دژی."
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، تەنیا لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024، دەستیان بەسەر دوو تۆن ماددەی هۆشبەردا گرتووە، هەروەها شەش هەزار تۆمەتبار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون. گوتیشی، سزای لەسێدارەدانیان بۆ 70 تاوانباری ماددە هۆشبەرەکان دەرکردووە.