ئیسرائیل 400 هەزار سەرباز دەگەڕێنێتەوە خزمەتی سوپا
حکوومەتی ئیسرائیل ڕەزامەندی دا لەسەر بانگهێشتکردنەوە و گەڕاندنەوەی 400 هەزار سەربازی یەدەگ بۆ ڕیزەکانی سوپا و ئەم ساڵیشی بە ساڵی شەڕ ناو بردووە.
ڕۆژنامەی جۆرازلیم پۆست بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی ئیسرائیل، بە سەرۆکایەتیی بنامین ناتانیاهۆ، ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی ئاداری 2025، بڕیاری گەڕاندنەوەی 400 هەزار سەربازی یەدەگی بۆ ڕیزەکانی سوپا دەرکرد.
بە گوێرەی بڕیارە تازەکەی حکوومەتی ئیسرائیل، گەڕاندنەوە سەربازە یەدەگەکان بۆ خزمەت تاوەکوو 29ی ئایاری 2025 بەردەوام دەبێت و دەبێت سەرجەم سەربازە یەدەگەکەن پەیوەندی بە ڕیزەکانی سوپاوە بکەن.
بەگوێرەی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، ئەو بڕیارە ئەمڕۆ حکوومەت بۆ گەڕاندنەوەی سەربازە یەدەگەکان پەسندی کردووە و ساڵی 2025ی بە ساڵی شەڕ ناوبردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ئەم ساڵەوە، کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل بە زۆرینەی دەنگ، ڕێککەوتنی ئاگربەستی شەڕی شەش هەفتەیی غەززەی پەسەند کرد، بەڵام وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە لە دژی ڕێککەوتنەکە دەنگی دا و داوای لە وەزیرانی حکوومەتیش کرد لە دژی ڕێککەوتنەکە بن.
لە کۆبوونەوەکەدا، کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکانی لەگەڵ حەماس پەسەند کرد لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای بەدواداچوون بۆ هەموو لایەنە سیاسی، ئەمنی و مرۆییەکان و جەختکردنەوە لەوەی ڕێککەوتنەکە پشتیوانیی لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی جەنگەکە دەکات.
هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی ئاداری 2025، دوا ڕۆژی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەیە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئیسرائیل ئامادە نەبووە قۆناغی دووەمی ئاگربەست جێبەجێ بکات.