پزیشکیان: ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن بە چارەسەر دەزانین بەڵام خامنەیی ڕەتی کردووەتەوە

وێنە، ئاژانسی هەواڵی ئێرنا
وێنە، ئاژانسی هەواڵی ئێرنا

یەکشەممە، 2ـی ئاداری 2025، سەرۆک کۆماری ئێران گوتی: عەلی خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بەرپرسیارە لە ڕێگریی لە دانووستان لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا.

مەسعود پزیشکیان، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی قسەی کرد و گوتی: ئێمە پێمان وابوو گفتوگۆ چارەسەری کێشەکانە، بەڵام پابەندین بە ڕێنماییەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران.

ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە وادەبینین گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا بژاردەیەکی گونجاو بێت، بەڵام دوای ڕێنماییەکانی خامنەیی، کە ڕێگریی لە دانووستانەکان دەکات، حکوومەت پابەندە بەم بڕیارە."

سەرۆک کۆماری ئێران دانی بەوەدانا "دابەزینی بەهای تومەنی ئێرانی و خراپیی دۆخی ئابووری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سزاکانی ئیدارەی ترەمپ توندتر بوونە و لە ڕووی ئابوورییەوە پەتی گەردەنمانی توندتر کردووە".

پزیشکیان ئاماژەی بەوەش دا "وڵاتەکە ڕووبەڕووی گەمارۆی ئابووریی زیاتر بووەتەوە، حکوومەت پلانی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالنگاریانە، بەڵام پێویستمان بەوەیە هەمووان کۆببنەوە لەبری یەکتر تاوانبار کردن." گوتیشی: دۆخی ئێستا وەک شەڕێکی تەواوە.

سەرۆک کۆمار داواشی کرد "سەرنج بخرێتە سەر دۆزینەوەی چارەسەرەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکان، لەبری ئەوەی سەرقاڵی ناکۆکیە ناوخۆییەکان بین." جەختیشی کردەوە "حکوومەت لەگەڵ دەسەڵاتە جیاوازەکان کاردەکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە."

مەسعود پزیشکیان،  کە بۆ بەرگریکردن لە وەزیری ئابووریی وڵاتەکەی بانگهێشتی پەرلەمان کرابوو ، ڕایگەیاند "هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ئێران، هەندێک بڕیاری ئابوورییان داوە، لایەنەکەی دیکەش ناچار بووە دەنگی پێ بدات بۆ جێبەجێکردنیان.” ئاماژەی بەوەش کرد "یەک کەس ناتوانێت بڕیار لە چارەنووسی ئابووریی وڵات بدات."

ئەمڕۆ یەکشەممە، پەرلەمانی ئێران دانیشتنێکی بۆ لێپرسینەوە لە عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووری ئێران بەڕێوە برد، کە تۆمەتباریان کردووە بەوەی هیمەتی، بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر تومەن و تێکچوونی دۆخی ژیانی هاووڵاتیان.