وەزیری دەرەوەی ڕووسیا: ئەورووپا دەیەوێت درێژە بەشەڕ بدات

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەمەریکا دەیەوێت کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا بهێنێت، بەڵام ئەورووپا دەیەوێت درێژەی پێ بدات.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە وەڵامی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاند، دروشمەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە بەدیهێنانی ئاشتی لۆجیکین و دەکرێت بەدی بهێنرێن، ئاماژەی بەوەش دا، دۆناڵد ترەمپ پێی ڕاگەیاندون، دەیەوێت کۆتایی بەجەنگی ئۆکرانیا بهێنێت، بەڵام ئەورووپییەکان دەیانەوێت درێژە بەو جەنگە بدەن.

لاڤرۆڤ گوتیشی: پێشنیازی ئەورووپییەکان بۆ جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێز لە ئۆکرانیا قبوڵکراو نییە و قسەیەکی بێمانایە.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی هەینی 28ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، گرژیی لەنێوانیاندا دروست بوو و بە توندی وەڵامی یەکتریان دایەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا، بە سەرۆکی ئۆکرانیای ڕاگەیاند: هەڵوێستێکی باشت نییە و لە هیچ پێگەیەکدا نیت، هەروەها هیچ کارتێکی فشارت نییە.

هەروەها گوتی: "تۆ پێمان مەڵێ چی بکەین و چۆن هەست بکەین، ئێمە دەزانین چۆن کێشە چارە بکەین، ئێمە هەستێکی بەهێزمان هەیە."

لە درێژەی گرژییەکانی نێوانیان، ترەمپ، ئاماژەی بەوە دا، کە زێلێنسکی هیچ هەڵوێست و پێگەیەکی نییە، هەروەها هیچ کارتێکی فشاری نییە و قومار بە جەنگی جیهانیی سێیەمەوە دەکات.

ترەمپ، بە زێلێنسکیشی گوت: دەبێت ڕێککەوتن بکەیت و ئێستا تۆ بێڕێزیی بە وڵاتێک دەکەیت کە لە سەرەتا جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیاوە زۆر هاوکاریتی کردووە."

سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد، زێلێنسکی لە جەنگدا براوە نەبووە، هیچ دەرفەتێکی باشی نییە و دەبێت سوپاسگوزار بێت ئەگەر لە جەنگەکەدا بە سەلامەتی ڕزگاری بێت.

ترەمپ، بایدنی بە گەمژە پێناسە کرد و گوتی: سەرۆکێکی گەمژە بە بەهای 350 ملایار دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئۆکرانیای کرد، ئەگەر هیچ کەرەستەیەکی سەربازیی بۆ وڵاتەکە ڕەوانە نەکردبایە جەنگەکە بە دوو هەفتە کۆتایی دەهات، زێلێنسکیش وەڵامی دایەوە و گوتی: ئەم قسەیەم لە پوتینیش گوێ لێ بووە.