ئیسرائیل ڕێگە لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەگرێت

ئیسرائیل بۆ فشار خستنە سەر حەماس بۆ ڕازیبوون بە پێشنیازەکانیان، بڕیاریان داوە ڕێگرە لە هەموو ئەو بارهەڵگرانە بکەن کە هاوکارییەکان دەگەیەننە غەززە.

یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەی حەماس رەتی کردووتەوە وادەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە، ئەوە ڕێگە نادەن هیچ بارهەڵگرێکی هاوکارییەکی مرۆیی بچێتە غەززە.

هەروەها نووسینگەکە ئاماژەشیداوە، ئیسرائیل  هیچ ئاگربەستێک ناکات، ئەگەر حەماس تەواوی بارمتەکان ئازاد نەکات.

هۆشداریشی داوە ئەگەر حەماس بەردەوام بێت لە رەت کردنەوەی پێشنیازەکان، ئەوە ئاگربەستەکە ئەنجامێکی دیکەی دەبێت.

هاوکات ئەمڕۆ، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە "تەلئەڤیڤ بە پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕازی بووە، بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە مانگی ڕەمەزان و جەژندا."

لای خۆشیەوە حەماس ئەم پێشنیازەی ڕەتکردەوە و داوای جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکات کە بە واتای کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەززە دێت، بزووتنەوەکە پێشنیازەکەی ئەمەریکای بە خۆ دزینەوەی ئیسرائیل لەو ڕێککەوتنانە وەسف کرد کە ئیمزای لەسەر کراوە.

قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، چووە واری جێبەجێ کردن، بەڵام دەستپێنەکردنی دانووستانەکان بۆ قۆناغی دووەم، دەرگا بەڕووی چەندین سیناریۆی ئەگەریدا دەکاتەوە.

هەروەها ئیسرائیل دەیەوێت قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی بارمتەکان ئازاد بکرێن، بەبێ ئەوەی ئەو پابەندبوونانە تەواو بکات کە لە ڕێککەوتنەکەدا بەسەریدا سەپێنراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment