ستارمەر: ئاسایشی ئۆکرانیا پەیوەستە بە ئاسایشی ئەورووپا

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بەدەستهێنانی دەرەنجامێکی باش بۆ ئۆکرانیا زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی هەموو وڵاتانی ئەوروپا.
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەورووپا لە لەندەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە ئانوساتێکی گرنگ دایە و پێویستە هەمووان بۆ پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی ئۆکرانیا بێنە پێشەوە.
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: ئەمرۆ لێرە کۆبووینەتەوە، چونکە ئەمە ساتێکی گرنگ و مێژووییە بۆ ئاسایشی ئەورووپا، پێویستە هەموومان بێینە پێشەوە.
ستارمەر گوتیشی: بەدەستهێنانی دەرەنجامێکی باش بۆ ئۆکرانیا، تەنیا پەیوەندی بەوەوە نییە کارێکی درووستە یان هەڵە، بەڵکو بۆ ئاسایشی هەموو ئەو وڵاتانەی لێرەن و زۆرێکی دیکەش پرسێکی زۆر گرنگە."