لوئەی خەتیب: عێراق پێویستی بە ئەنجوومەنی فیدراڵی و وزە هەیە

وەزیری پێشووتری کارەبای عێراق، دەڵێت: تاوەکو دەستوور لێکدانەوەی بۆ دەرکردنی یاسا بەدوادا نەیەت، رێککەوتنە سیاسییەکان بە مردوویی لەدایک دەبن، هاوکات بە پێویستی دەزانێت دوو یاسا بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنەکانی فیدڕاڵی و وزە دەربکرێن.

یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، لوئەی خەتیب، وەزیری پێشووتری کارەبای عێراق، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا، گوتی: بەبێ رێککەوتن لەسەر یاسا بنەڕەتییەکان و وەرگێڕانی دەستوور بۆ دەرکردنی یاساکان، بەو پێیەی یاساکان کۆڵەگەی یاسایی دامەزراوەکانی فیدراڵین، بۆ ئەوەی دەوڵەت لە ناوەندگەریی بگۆڕین بۆ فیدراڵی، یەکێک لە یاسا گرنگەکان بۆ ئەوە یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵییە، کە نییە.

ئاماژەی بەوە دا، یاسای نەوت و غاز  پێویستی بە ئەنجوومەنی فیدراڵی بۆ وزە هەیە، بەبێ دەرکردنی ئەم یاسا فیدراڵییانە ناتوانین قسە لەسەر یاساییبونی ئەم بابەتانە بکەین و پشت بە رێککەوتنەکان ببەستین.

گوتیشی:ئەم رێککەوتنانەی کە ئێستا دەکرێن بە مردووی لەدایک دەبن، چونکە ئەم رێککەوتنە سیاسییانە لە دوو حاڵەتدا دروست دەبن، یەکێکیان هەموو ساڵێک جارێک لەسەر یاسای بودجە، ئەوی دیکە چوار ساڵ جارێکە کە دوای هەڵبژاردنە.

جەختی لەوەش کردەوە، کە پێویستە لە عێراق یاسای نەوت و گاز دەربچێت و، هاوكات پێویستە هەولێر و بەغدا بە عەقڵیەتێکی فیدڕاڵی مامەڵە بکەن.

له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتیش ده‌ڵێت: پەکخستنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان زیانی بەعێراق گەیاندووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment