سەرکردەکانی ئەورووپا پشتیوانییان بۆ ئۆکرانیا دووپات کردەوە

سەرکردەکانی ئەورووپا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لە لووتکەیەکدا لەژێر ناونیشانی "سەقامگیر کردنی داهاتوویان" لەبارەی پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەورووپا، دیدارەکەی ترەمپ و زێلێنسکی و پاشەکشەی ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، لووتکەی لەندەن، سەرۆکی ئۆکرانیا، سەرۆکی فەرەنسا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکی کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا و سەرۆکی هاوپەیمانی ناتۆ و چەند سەرکردەیەکی دیکەی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ کردەوە و جەختیان لە بەردەوامی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا کردەوە.
هاوکات سەرکردەکانی ئەورووپا بڕیاریاندا دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی بەرگریدا بکەن بۆ ئەوەی نیشانی ترەمپ بدەن کە ئەورووپا دەتوانێت خۆی بپارێزێت.
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دوای لووتکەکە ڕایگەیاند: هاوپەیمانێتییەکیان دروست کردووە بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئۆکرانیا بکەن لە هەر ڕێککەوتنێک کە بکرێت.
ئاماژەشی دا، لەگەڵ فەرەنسا کار لەسەر ئەوە دەکەن پێشنیازێک ئاشتی بۆ ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەی مانگێک لە ئۆکرانیا پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بکەن.
هەروەها گوتیشی: پێویستە ئەورووپا بەرپرسیاری هەڵبگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ پشتیوانیکردنی ئاشتی لە ئەورووپا و سەرکەوتنی ئەم هەوڵە دەبێت پشتیوانیی ئەمەریکا هەبێت.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕاشەگەیاند، رێگە بە ئۆکرانیا دەدەن بە بڕی دوو ملیار دۆلار پێنج هەزار مووشەکی دژە ئاسمانی بکڕن.
لای خۆشیەوە، ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا, گوتی: هەر کاتێک ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا ڕاگرت، ئەوکات قۆناغی یەکەمی گفوگۆییەکان دەست پێ دەکات.
لەلایەکی دیکەوە جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند: "ڕۆژی هەینی لە ئۆڤاڵ ئۆفیس، سەرۆک زێلێنسکی ئاماژەی بەوەدا، ڤلادیمیر پوتین راستگۆ نییە و تاوانبارە، ناکرێت متمانەی پێ بکرێت لە جێبەجێکردنی بەڵینەکانی، چونکە چەندین جار ئەوەی نیشانداوە ناتوانێت رێککەوتنەکان جێبەجێ بکات، من پشتیوانی لە سەرۆک زێلێنسکی و گەلی ئۆکرانیا دەکەم."
جگە لە هەڵپەساردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا، ئێستا دەنگۆی کشانەوەی ئەمەریکا لە هاوپەیمانێتی ناتۆش هەیە، لەم بارەیەوە مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە لووتکەکەدا گوتی: تاوەکوو ئێستا ئەمەریکا ئەندامی ناتۆییە، هیچ هەنگاوێکی فەرمی نییە بۆ کشانەوەشی هاوپەیمانێتییەکە.
ئەمەش دوای ئەوەی هات، کە لەبەردەم کامێراکاندا ترەمپ و زێلێنسکی لەسەر زۆر بابەت بووە دەمەقاڵێیان و ئەم جۆرە مامەڵەکردنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، نیگەرانی ئەورووپییەکانی لێ کەوتەوە و ترسیان هەیە ترەمپ پشت بکاتە ئۆکرانیا و دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت.