چوارچێوەی هەماهەنگی بە هاوپەیمانییەکی فراوان بەشداریی هەڵبژاردن دەکات
چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت بە هاوپەیمانییەکی فراوان بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکات.
چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان ئاشکرایان کردووە، هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە یەک لیست و لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکی ستراتیجییەوە بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
وا بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لێکگەیشتنی سەرەتایی بۆ دروستکردنی ئەو هاوپەیمانییە هەیە و دەیانەوێت دەنگی زۆرینەی شیعە بەدەست بهێنن. ئاماژەیان بەوەش کردووە "تاوەکوو ئێستە 14 حزب و لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بچنە ناو هاوپەیمانییەکەوە."
بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش یەکێکە لە کۆڵەکەکانی ئەم هاوپەیمانییە.