گەنجێکی عەرەب لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کەوتە تەڵەی پۆلیسەوە
گەنجێکی پەنابەری بەڕەگەز عەرەب لە شاری گلێنداڵ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، لەسەر دانانی ژووان لەگەڵ مێردمنداڵێک، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا.
ڕەیان عەبدولڕەحیمی تەمەن 23 ساڵ، لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تایبەتی یەکترناسینەوە, گفتۆگۆی لەگەڵ کوڕێکی 14 ساڵان دەکرد، بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خۆی، ژووانێکی عاشقانەی لەگەڵدا ڕێک بخات، نەیدەزانی کەسی بەرانبەری ئەفسەرێکی پۆلیسی پسپۆڕە لە ڕاوکردنی مناڵبازاندا.
ڕەیان، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، 28ـی شوباتی 2025 بەرەو ناوەندێکی بازرگانیی شاری گلێنداڵ دەچوو، بۆ ئەوەی چاوی بەو کوڕە 14 ساڵانە بکەوێت کە پێشتر، لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تایبەتیی یەکترناسینەوە ژووانی لەگەڵ دانابوو؛ بەڵام کە دەگاتە جێژووان، لە جیاتی کوڕەکە، چەند پۆلیسێک دەبێنێت. ڕەیان، هەست دەکات دەستەکەی ئاشکرا بووە، بۆیە بە خێرایی هەڵدێت و خۆی دەکات بە گەراجێکی ئۆتۆمبیلدا، بەڵام پۆلیسەکان دەستگیری دەکەن.
ڕەیان عەبدولڕەحیم، گەنجێکی کۆچبەری عەرەبە، پاش دەستگیرکرانی بە تۆمەتی هاوڕەگەزخوازیی و هەوڵدان بۆ فریودانی منداڵان و مێردمنداڵان، دراوەتە دادگا.