مایک جۆنسۆن: زێلێنسکی لە جێگەی ئەوەی سوپاسگوزاری ئێمە بێت، بێهیوای کردین

 سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەڵێت: هیچ شتێکم وەکو ڕەفتاری زێلێنسکی نەبینیوە، لە جێگەی ئەوەی سوپاسگوزاری ئێمە بێت، بێهیومانی کرد.

مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، من بەشداری زۆر دیداری دوولایەنەم کردووە، بەڵام هیچ شتێکم وەکو ڕەفتاری زێلێنسکی نەبینیوە، لە جێگەی ئەوەی سوپاسگوزاری ئێمە بێت کە یارمەتیمان داوە بمێنێتەوە، بێهیوامانی کرد.

گوتیشی: هیوادارم بەهۆش خۆی بێتەوە و داوای لێبوردن بکات، ترەمپ دڵنیایی داوە، گەر زێلێنسکی ئامادەیە بۆ ئاشتی، ئەوکات دەتوانین دانووستان بکەین، ڕێککەوتنی کانزاکان، ڕێککەوتنێکە کە لەبەرژوەندیی هەموو لایەکە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕوونیشی کردەوە، هەم ئێمە کانزای دەگمەنمان دەست دەکەوێت، هەم ئۆکرانیاش گرەنتی ئاسایشی دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە لەندەن بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕوو دەدات و بە لەبەرچاوگرتنی پشتگیرییەکان، گۆڕینی من ئەوەندە ئاسان نابێت.

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بابەتە تەنیا لە ڕێکخستنی هەڵبژاردن نابێت، بەڵکو ڕێگریی لە خۆکاندیدکردنم دەبێت، بەمەش کاروبارەکان کەمێک ئاڵۆزتر دەبن.

سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەش کرد "پێشتر لە بەرانبەر پەیوەندیکردنی ئۆکرانیا بە ناتۆ، دەستلەکارکێشانەوەی خۆمم پێشکەش کرد. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر هاوپەیمانی ناتۆ هەبێت و کۆتایی بە شەڕەکە بێت، مانای ئەوەیە کە ئەرکەکەم بە ئەنجام گەیاندووە".