دەم پارتی: لەوانەیە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئەردۆغان کۆ ببینەوە
ئەندامێکی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی ئاماژە بەوە دەدات، لەوانەیە لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ ببنەوە.
سرری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاگاداری هەنگاوەکانی پرۆسەی نوێی ئاشتییە و لێی دوور نییە."
ئەو ئەندامەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، باسی لەوەش کرد، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەبنەوە و ئەگەری هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەردۆغانیش کۆ ببنەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کورد کە لە دوایین دیداری شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ بووەوە و پەیامەکەی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە، ڕایگەیاند "پێویستە پەکەکە لە کۆنگرە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و دەبێت هەنگاو بۆ بەهێزکردنی برایەتی و دۆستایەتیی مێژوویی تورک-کورد بنرێت."
ئەحمەد تورک، ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەگەر تورکیا سیاسەتێکی گشتگیر پەیڕەو بکات، ئەوا برایەتیی هەزار ساڵەی تورک-کورد بەهێزتر دەکات و دەبێتە بەهێزترین دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیستەنبووڵ، پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی بە زمانی کوردی و پەروین بوڵدانیش بە زمانی تورکی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە هەمان ڕۆژ و بۆ جاری سێیەم سەردانی ئیمرالییان کرد.
ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانی داوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ."
ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئاماژەی بەوەش کرد "داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی لە ساڵی نەوەدەکاندا بە هۆی نێوخۆوە، کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی لە وڵاتەکەدا، ئەو بەرەو پێشچوونانەی لە بواری ئازادیی ڕادەربڕیندا هاتوونەتە کایەوە، هەموو پێکەوە بوونەتە هۆی ئەوەی پەکەکە نێوەرۆک و مانای بوونی خۆی لە دەست بدات و بەبەردەوامی خۆی دووبارە بکاتەوە. لەبەرئەوە پەکەکە تەمەنی کۆتایی هاتووە و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە زەروورەت."