کەشناسیی عێراق: لە ڕۆژانی داهاتوو شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ ناوەڕاست و باشووری وڵات دەگرێتەوە

سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینی بۆ کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو بڵاو کردەوە، کە پێشبینی دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بارانێکی بەخوڕ هەموو عێراق بگرێتەوە. 

دەستەی کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی کردەوە کە تێیدا هاتووە، "پێشبینی دەکرێت، سبەینێ چوارشەممە، کەشوهەوا بە گشتی هەور بێت لەگەڵ بارانێکی پچڕ پچڕ و هەورە بروسکە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، هەروەها پلەکانی گەرما چەند پلەیەک نزم دەبنەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت "ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کەش و هەوا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور نیمچە هەور بۆ هەور دەبێت، لەگەڵ بارانێکی سووک بۆ مامناوەند، بەڵام لە شەودا بارانەکە زیاد دەکات، سەبارەت بە کەشوهەوای ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، نیمچە هەور دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما لە هەموو ناوچەکاندا بەرز دەبنەوە."

دەستەی کەشناسی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند، پێشبینی دەکرێت "کەشوهەوای ڕۆژی هەینی داهاتوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نیمچە هەور دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بارانێکی بەخوڕ، لەگەڵ ئەگەری بارانی بەخوڕ لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات."

ئاماژەی بەوەشدا پێشبینی دەکرێت "شەممەی داهاتوو کەش و هەوا بەگشتیی هەور و باراناوی بێت، وردە وردە لە شەودا کەمتر دەبێتەوە، پلەکانی گەرماش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور وەکو یەک دەبن، بەڵام لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چەند پلەیەک نزم دەبنەوە."

بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستانیش، ئەمڕۆ و سبەینێ، پلەی گەرما بە شێوەیەکی گشتی یەک دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە و ئاسمانیش، نیمچەهەور دەبێت.