وەزیری ناوخۆی ئوردن: زیاتر لە 44 هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە

وەزیری ناوخۆی ئوردن دەڵێت: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 44 هەزار پەنابەری سووری بەشێوەیەکی خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

مازن فەرایە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، سەردانی دەروازەی سنووریی جابری کردووە کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئوردن و سووریا، هاوکات فەرمانی خەرجکردنی بڕی 3.7 ملیۆن دۆلاری داوە بۆ فراوانکردنی گۆڕەپانەکانی بازرگانی و خزمەتگوزارییەکانی ئەو دەروازە سنوورییە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی ئوردن، لە دوای شەڕو پیکدادانە ناوخۆییەکانی سووریا، زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار پەنابەری سووری ڕوویان لە ئوردن کرد و لە ناوچە ئارامەکان نیشتەجێ کران.

هەر لە بارەی گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری، کۆمیسیۆنی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، لەو ژمارە هاوڵاتییەی سووریا کە گەڕاونەتەوە %44یان ئافرەت و 56%یان پیاو بوون. زۆربەی کۆچبەرە گەڕاوەکانیش لە دەروازە سنووریی جابر لە ئوردنەوە پەڕیونەتەوە سووریا.