کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت دوا خرا
کۆبوونەوەی سێ قۆڵییەکەی بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دوا خرا.
شەڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی سێ قۆڵییەکەی بەغدا کە بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە، 04-03-2025، لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت، دوا خرا.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد "ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، 02-03-2025، دوور لە چاوی کامێراکان و بە شێوەیەکی نهێنی، کۆبوونەوەی یەکەمی سێ قۆڵی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە بەغدا بەڕێوە چووە. بڕیار بوو ئەمڕۆش کۆبوونەوەی دووەم بەڕێوە بچێت؛ بەڵام لەبەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیار درا کۆبوونەوەی دووەمی سێ قۆڵی دوا بخرێت و ئەنجامی کۆبوونەوەکەی یەکشەممەی ڕابردوو بخرێتە بەردەستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ."
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 04-03-2025، هیچ شاندێکی وەزارەتەکە بۆ دانوستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نەچووەتە بەغدا.
لە ئاداری 2023وە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق.
بەپێی ئامارەکان، لەو ڕۆژەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، تا ئێستە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی حکوومەتی عێراق گەیشتووە.
زیانە ملیار دۆلارییەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وای کردووە دۆخێکی سەختی ئابووری دروستبێت. بەردەوامی ئەم دۆخە جگە لە زیانی زیاتر، هیچ سوود و قازانجێکی بۆ کەس نەبووە.