ڕووسیا پێشوازیی لە ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا دەکات

دیمیتری پیسکۆف، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کریملن)
دیمیتری پیسکۆف، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کریملن)

ڕووسیا پێشوازیی لە ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا دەکات و جەخت دەکاتەوە، بڕیارەکە هاندەرێکە بۆ ئاشتی. 

سێشەممە، 04-03-2025، دیمیتری پیسکۆف، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کریملن) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێشوازیی لە ڕاگیرانی هاوکارییە سەربازیی، مرۆیی و داراییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کرد و جەختی لەوە کردەوە، بڕیارەکە هاندەرێکە بۆ ئاشتی و کۆتاییهێنانی شەڕ. 

گوتەبێژی کریملن دووپاتی کردەوە، ڕووسیا پێشوازیی لە هەر هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەکات، هاوکات پێشوازیی لە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش لەبارەی هێنانەکایەی ئاشتی دەکات. 

پیسکۆف پێی وایە، ئەمەریکا لە هەموو وڵاتانی ئەورووپا و جیهان هاوکاریی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە، بەڵام ئەورووپا هەوڵ دەدات، بۆشایی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ کیێڤ پڕ بکاتەوە تا لە شەڕکردن دژی ڕووسیا بەردەوام بێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 04-03-2025، ئەمەریکا بە شێوەیەکی فەرمی و دوای سێ ساڵ، بڕیاری دا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا ڕابگرێت. ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی تا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە ئاشتی ڕازی دەبێت هاوکارییەکان دەست پێ ناکاتەوە.

لە سەرەتای جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە، ئەمەریکا یەکێک بووە لە پشتیوانە بەهێزەکانی ئۆکرانیا بە چەک و هاوکاری مرۆیی، هەزاران پارچە چەک و دەیان دژە تانک و سیستەمی ئاسمانی بۆ ناردووە. بەگوێرەی ئامارەکان کۆی هاوکارییە مرۆیی و سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا دەگاتە 118 ملیار دۆلار، هەرچەندە ترەمپ دەڵێت 350 ملیار دۆلاریان بۆ ئۆکرانیا ناردووە و پێویستە بۆمان بگێڕنەوە.