حەماس: پێشوازیی لە پلانی وڵاتانی عەرەبی لەبارەی غەززە دەکەین

بزووتنەوەی حەماس، پێشوازیی لە پلانی وڵاتانی عەرەبی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە دەکات و ئیسرائیلیش پلانەکە ڕەت دەکاتەوە.

سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، بزووتنەوەی حەماس، لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە پلانی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دەکات کە لەلایەن لووتکەی عەرەبییەوە لە قاهیرە پەسەند کراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەوڵەکانی میسر بەرز دەنرخێنێت، بە تایبەت لە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.

بزووتنەوەکە دەڵێت: بەڕێوەبردنی لووتککەی بە پەلەی وڵاتانی عەرەبی، قۆناغێکی پێشکەوتووی هەماهەنگیی عەرەبی و ئیسلامی لەگەڵ دۆزی ڕەوای فەڵەستین دەست پێدەکات.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕاگەیەندراوی لووتکەی عەرەبی لە قاهیرە بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاوەدانکردنەوەی غەززە، باس لە ڕاستییەکانی دۆخی دوای هێرشی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 نەکردووە.

هەروەها، گوتی: پلانی وڵاتانی عەرەبی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەرتی غەززە ڕەت دەکەینەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕاگەیەندراوی لووتکەکە بەردەوامە لە پشتبەستن بە دەسەڵاتی فەڵەستین و UNRWA، کە هەردووکیان چەندین جار گەندەڵی و پشتیوانییان لە تیرۆر و چارەنەکردنی کێشەکەیان کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، دەڵێت: بیرۆکەی ترەمپ، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خەڵکی غەززە لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازادی خۆیان هەڵبژاردنی ئازاد بکەن. بەڵام وڵاتانی عەرەبی ئەم دەرفەتەیان ڕەتکردووەتەوە و بەردەوامن لە تۆمەتی بێ بنەما دژی ئیسرائیل.

سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، لووتکەی بەپەلەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر، تایبەت بە دۆخی غەززە و ڕاگواستنی خەڵکەکەی بەڕێوەچووە و پێشوازییان لە پلانی میسر بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە کرد.

بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز،  پلانەکەی میسر لە 112 لاپەڕە پێکهاتووە و نەخشەکانی بە زیرەکی دەستکرد دروست کراوە و باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون و فڕۆکەخانە و هۆتێل و چەندین شوێنی دیکەش لەخۆ دەگرێت.

ئاشکراشی دەکات، پلانی میسر بۆ بونیادنانەوەی کەرتی غەززە پێنج ساڵ دەخایەنێت، تێچووی جێبەجێکردنی پلانەکە نزیکەی 53 ملیار دۆلار دەبێت، بەڵام ئەو لایەنەی بنیادنانەوەی غەززە پارەدار دەکات دەستنیشان نەکراوە.

ئاژانسەکە دەڵێت: لە سەرەتادا بۆ ماوەی شەش مانگ پاشماوە و داروپەردووەکان کۆدەکرێنەوە و یەکەی نیشتەجێبوونی کاتی بۆ دانیشتووانی غەززە دادەنرێت، دواتر لە دوو ساڵی یەکەمی پلانەکەدا 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە غەززە بنیاددەنرێت و تێچووەکەشی 20 ملیار دۆلار دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لە  قۆناغی دووەمدا 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە و فڕۆکەخانەیەك لە کەرتی غەززە بنیاددەنرێت و تێچووەکەش 30 ملیار دۆلار دەبێت.

لەبارەی ئایندەی بەڕێوەبردنی غەززە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پلانەکەی میسر بە سکای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاند، بنیادنانەوەی غەززە پێویستی بە ڕێخکستنەوە بۆ دەسەڵاتی راگوزەر و دابینکردنی ئاسایش هەیە و کەرتی غەززەش بەشێکی جیانەکراوەی خاکی فەڵەستینە.

 
 
Fly Erbil Advertisment