جەی دی ڤانس ڕەتیکردەوە بێڕێزی بە فەرەنسا و بەریتانیا کردبێت

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەتیدەکاتەوە لەسەر هێزی ئاشتیپارێزی ئۆکرانیا، بێڕێزی بە بەریتانیا و فەرەنسا کردبێت.

لێدوانەکانی جەی دی ڤانس، دەربارەی هێزی ئاشتیپارێزی ئەورووپی کە پلانی بۆ دانراوە لەلایەن بەریتانیا و فەرەنساوە سەرکردایەتی دەکرێت، نیگەرانی لەو دوو وڵاتە بەدوای خۆیدا هێناوە.

جێگرەکەی سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، لێدوانەکەی بەرامبەر بە بەریتانیا و فەرەنسا نەبووە و ئەوان لەتەک ئەمەریکییەکان شەڕیان کردووە.

دووشەممە، جەی دی ڤانس بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندبوو، باشترین ڕێگە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ئۆکرانیا، پێدانی کانزاکانی ئۆکرانیایە بە ئەمەریکا.

گوتیشی "ئەوە ڕێگەیەکی باشترە بۆ دڵنیاییدانی ئاساییشی ئۆکرانیا لە هەبوونی  20,000 سەرباز لە هەندێک وڵاتی هەڕەمەکی کە ماوەی 30 یان 40 ساڵە شەڕیان نەکردووە."

ڕۆژی یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، لووتکەی لەندەن، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئۆکرانیا، سەرۆکی فەرەنسا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکی کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا و سەرۆکی هاوپەیمانی ناتۆ و چەند سەرکردەیەکی دیکە، بۆ بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئۆکرانیا بەڕێوە چوو.

کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دوای لووتکەکە ڕایگەیاند: هاوپەیمانیەتییەکیان  دروست کردووە بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئۆکرانیا بکەن لە هەر ڕێککەوتنێک کە بکرێت. 

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕاشگەیاند، رێگە بە ئۆکرانیا دەدەن بە بڕی دوو ملیار دۆلار، پێنج هەزار مووشەکی دژە ئاسمانی بکڕن.