سووریا بەشداریی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمایی دەکات

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا

بۆ جاری یەکەم لە مێژوویدا، وەزیری دەرەوەی سووریا بەشداریی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمایی دەکات. 

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئاماژەی بەوە کردووە "ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-03-2025، بۆ جاری یەکەم لە مێژووی سووریادا بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمایی لە لاهای دەکەم."

وەزیری دەرەوەی سووریا باسی لەوەش کردووە، بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا، جەختکردنەوەیە لە پابەندبوونی سووریا بە ئاسایشی نێودەوڵەتی و هاوسۆزی بۆ قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەد.

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، ھێزەکانی ڕژێمی ئەسەد، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی سووریا، زیاتر لە 20 جار چەکی کیمیاییان لە دژی نەیارەکانیان بەکارهێناوە و بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتیی سڤیل و چەکدار گیانیان سپاردووە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای 61 ساڵ حکوومڕانی بەعس لە سووریا، لە کۆتاییدا ڕۆژی 8ی کانوونی یەکەم، لە چەند بەرەیەکەوە ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و چەکدارانی دژبەری ڕژێم چوونە ناو دیمەشق و کۆتاییان دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد لە سووریا هێنا.