بەغدا هەوڵی گەڕاندنەوەی پەنابەرە عێراقییەکان دەدات

عێراق بە بیانووی باشتربوونی دۆخی ئابوورییەکەی، هەوڵی گەڕاندنەوەی پەنابەرە عێراقییەکان دەدات، بە پێی ئامارەکانی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا تاوەکوو سەرەتای ئەمساڵ 623 هەزار و 245 هاووڵاتیی عێراقی بۆ ئەورووپا کۆچیان کردووە.
بە پێی ئامارەکانی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا تاوەکوو سەرەتای ئەمساڵ، بەهۆی ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییانەی کە عێراقیان گرتووەتەوە، 623 هەزار و 245 عیراقی کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەورووپا کردووە، ئێستەش عێراق هەوڵ دەدات کە ئەو پەنابەرە عێراقییانە بگەڕێنێتەوە بۆ زێدی خۆیان.
بیانووی عێراق باشتربوونی دۆخی ئابووری و نەمانی گرفتی ئابوورییە، بەڵام هەر بەگوێرەی داتاکانی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق، رێژەی 17.5%ـی دانیشتووان لە ژێر هێڵی هەژاریدان.
جگە لەمەش، 14%ـی دانیشتووانی عێراق بەهۆی بێکارییەوە ساڵانە داوای دامەزراندن یاخود پاڵپشتی دارایی دەکەن، بەڵام هاوکاریی ناکرێن، هاوکات لەگەڵ گەرانەوەی ئەو ڕێژە زۆرەی پەنابەرەکان ئاستی رێژەی بێکاری لە 14% جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە بۆ 16.5%، چونکە بە کۆچکردنی ئەو عێراقییانە ئاستی بێکاری دابەزیووە.
بە پێی زانیارییەکان، ساڵانە لە عێراق بە بەهای 250 ملیار دینار پارە لە کرێکاری بیانیدا خەرج دەکرێت، لەکاتێکدا هەر بەو بڕە پارەیە دەتواندرێت ساڵانە دۆخی ئابووری تاک و دەستی کاری ناوخۆ و بازاڕی ئازاد باشتر بکرێت.