حه‌ماس: ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تره‌مپ كۆ بووینه‌وه

به‌رپرسێكی حه‌ماس ئاماژه به‌وه ده‌كات، دانیشتنی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تره‌مپ بۆ كاروباری بارمته‌كان كردووه، ده‌شڵێت: گفتوگۆكانیان له‌م باره‌وه نوێ نین.
چوارشه‌ممه، 5ـی ئاداری 2025، به‌رپرسێكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی به كه‌ناڵی "العربیة"ـی گوتووه، دانیشتنی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تره‌مپ بۆ كاروباری بارمته‌كان و ناوچه‌كه كردووه.
ئه‌و بەرپرسه‌ی حه‌ماس گوتووشییه‌تی، دانیشتن و گفتوگۆكان ئه‌مڕۆ نه‌بوون و چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بووه. جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، دانیشتنه‌كان ڕاسته‌وخۆ بوون له نێوان بزووتنه‌وه‌كه و نێرده‌كه‌ی تره‌مپ.
چوارشه‌ممه، 5ـی ئاداری 2025، ماڵپه‌ڕی (ئه‌كسیوس) له‌سه‌ر زاری دوو سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌ریكایی بڵاوی كرده‌وه، كۆبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و نهێنیی له نێوان ئه‌مه‌ریكا و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستیندا هه‌بووه و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی تایبه‌ت بووه به ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ست به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان.
ماڵپه‌ڕی (ئه‌كسیوس) ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا به‌م دواییانه له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر چاوی به به‌رپرسانی حه‌ماس كه‌وتووه و به وردی تاوتوێی ئاگربه‌ستیان كردووه.
سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند "هیچ ئاگربەستێکمان لەگەڵ حەماس لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە نییە."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەشی دا "بۆ قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە داوای دەرکردنی چەکدارەکان لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەکەین."
جەدعوون ساعر، باسی لەوەش کرد "هاوکارییە مرۆییەکان بوونەتە، سەرچاوەیەکی سەرەکیی بۆ حەماس تاوەکوو تواناکانی خۆیان بگەڕێننەوە و گەنجی زیاتر بۆ ڕیکخراوەکەیان کۆ بکەنەوە."
گوتیشی: هەر کاتێک ئەوان بەو مەرجانەی ئاگربەستەکە ڕازیبوون، ئێمەش دەستبەجێ پابەند دەبین.
سێشه‌ممه، 4ـی ئاداری 2025، سامی ئه‌بو زوهری، سه‌ركرده له بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی ڕایگه‌یاند، چه‌كدانانی بزووتنه‌وه‌كه‌یان كه جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای ده‌كات، "هێڵی سووره".
سامی ئه‌بو زوهری هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، هه‌ر قسه‌یه‌ك له‌م باره‌وه بێمانایه و هه‌رگیز سازش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ناكه‌ن و گفتوگۆی له‌سه‌ر ناكرێت.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی حه‌ماس گوتیشی، هه‌ر جۆره بیرۆكه و پێشنیازێكی دیكه‌ش ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه كه داوای ڕاگواستنی چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌كه‌یان و ڕۆڵه‌كانی فه‌ڵه‌ستین له خاكه‌كه‌یان ده‌كات.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، چووە واری جێبەجێ کردن، بەڵام دەستپێنەکردنی دانووستانەکان بۆ قۆناغی دووەم، دەرگا بەڕووی چەندین سیناریۆی ئەگەریدا دەکاتەوە.
هەروەها ئیسرائیل دەیەوێت قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی بارمتەکان ئازاد بکرێن، بەبێ ئەوەی ئەو پابەندبوونانە تەواو بکات کە لە ڕێککەوتنەکەدا بەسەریدا سەپێنراوە.