ئه‌عره‌جی: له هەوڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی توێژه‌ره ئیسرائیلی- ڕووسهكه به‌رده‌وامين

ڕاوێژكاری ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، به جیددی له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی توێژه‌رێكی ئیسرائیلی – ڕووسن كه نزیكه‌ی دوو ساڵە له عێراق ون بووە و دیار نه‌ماوه.
چوارشه‌ممه، 5ـی ئاداری 2025، قاسم ئه‌عره‌جی، ڕاوێژكاری ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق له چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئاژانسی "فرانس پرێس"ـدا، گوتی، به‌غدا له به‌دواداچوون بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌لیزابێس تسۆركۆڤ، توێژه‌ری ئیسرائیلی – ڕووس، قوتابی دكتۆرا له زانكۆی برینستۆنی ئه‌مه‌ریكا كه له ئاداری ساڵی 2023ـوه له عێراق دیار نه‌ماوه، به‌رده‌وامن.
ئیسرائیل دوای ماوه‌یه‌ك له دیارنه‌مانی تسۆركۆڤ، ڕایگه‌یاند، له‌لایه‌ن كه‌تیبه‌كانی حزبوڵلای عێراقی ڕفێنراوه، به‌ڵام حزبوڵلا له لای خۆیه‌وه ڕه‌تی كرده‌وه.
ئه‌عره‌جی گوتیشی، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی عێراق له‌سه‌ر ڕاسپارده و فه‌رمانی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌دواداچوون بۆ دۆزینه‌وه‌ی تسۆركۆڤ و له هه‌وڵی به‌رده‌وامن بۆ ده‌ستنیشانكردنی شوێنی ئه‌و گرووپه‌ی ناوبراویان ڕفاندووه.
تسۆركۆڤ، به پاسپۆرتی ڕووسی سه‌ردانی عێراقی كردبوو به مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و توێژینه‌وه‌ی تێزی دكتۆراكه‌ی له زانكۆی برینستۆن، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراق گوتبووی، ناوبراو پێش ئه‌و واده‌یه سه‌ردانی عێراق كردووه.