دۆناڵد ترەمپ وەزارەتێکی گرنگی وڵاتەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە و بە شکست خواردوو ناوی دەبات

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی جێبەجێکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردە دەر دەکات.

پێنجشەممە، 6ـی ئاداری 2025، ڕۆژنامەکە بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ داوا لە لیندا مەکماهۆن، وەزیری پەروەردە دەکات بەپێی یاساکانی ئەمەریکا "هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرێتە بەر بۆ داخستنی وەزارەتی پەروەردە". 

وەزارەتی پەروەردەی ئەمەریکا هاندانێکی تا 25 هەزار دۆلاری پێشکەش بە زۆرینەی کارمەندەکانی ئەو وەزارەتە کردووە بۆ دەستلەکارکێشانەوە یان خانەنشین بوون، ماوەکەشیان تا ئێوارەی دووشەممەیە، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی کەم کردنەوەی هێزی کار.

لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردە، ئیمەیڵێکیان بۆ کارمەندەکان ناردووە، کە بڕێک پارەیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی خۆبەخشانە دەست لەکار بکێشنەوە، لەگەڵ ئەوەش دا، دوا وادەیان بۆ قەبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی ئەو ئۆفەرە دیاری کردووە، کە کاتژمێر 11:59 خولەکی نیوەڕۆی دووشەممەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە فۆکس نیوزی ئەمەریکی ڕاگەیاند "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە وەزارەتی پەروەردە، ئیمەیڵێکی بۆ کارمەندەکانی ناردووە، کە تا 25 هەزار دۆلار، وەک پارەی هاندان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی خۆبەخشانەیان پێشکەش کراوە."

جاکلین کلای، بەرپرسی سەرەکیی سەرچاوە مرۆییەکان لە ئیمەیڵەکەدا نووسیویەتی "پیشکەشکردنی ئەم ئۆفەرە یەک جارە، پێش ئەوەی ئۆفەرەکە بەشیوەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە" ڕوونیشی کردەوە "پارەکە یان هاوتای پارەی کۆتاییهێنان بە خزمەتەکەی دەبێت، یان 25 هەزار دۆلار دەبێت."

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەوانەی ئۆفەرەکە نایانگرێتەوە ئەوانەن، کە خانەنشینی کەمئەندامی وەردەگرن، هەروەها ئەوانەی لە 36 مانگی ڕابردوودا یارمەتی گەڕاندنەوەی قەرزی خوێندیان وەرگرتووە، یان لە 12 مانگی ڕابردوودا پاداشتی مانەوەیان وەرگرتووە.

ڕۆژنامەی 'زە هیڵ' بڵاوی کردەوە، دەیان کارمەند لە ئێستاوە مۆڵەتی کارگێڕییان وەرگرتووە، لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ هەنگاو دەنێت بۆ داخستنی وەزارەتەکە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەیەوێت وەزارەتی پەروەردە هەڵبوەشێنێتەوە و بە "فێڵ" ناوی بردووە کە نەیتوانیوە قوتابیانی ئەمەریکی وەک پێویست پەروەردە بکات.

ترەمپ گوتبوی "لە باشترین وڵاتانی جیهان ئێمە لە پلەی 40هەمین داین، بەڵام ئێمە لەیەک بواردا لە پلەی یەکەمداین، ئەویش تێچووی قوتابیانە کەواتە، ئێمە زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان پارە لە پەروەردە و فێرکردنی قوتابیاندا خەرج دەکەین، ئینجا لە پلەی 40هەمین داین."