سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا: ڕێگە بە تێکدانی پرۆسەی ئاشتی نادەین

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دووپاتی دەکاتەوە پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ و داواش دەکات هەمووان پشتیوانیی "تورکیای بێ تیرۆر" بکەن.

فەخرەددین ئاڵتون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ڕایگەیاند "سەرەڕای چەند ئاستەنگییەک، بەڵام پرۆسەی ئاشتی بە باشی بەڕێوە دەچێت و گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ."

فەخرەددین ئاڵتون، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بە وردی چاودێریی پرۆسەی ئاشتی دەکات و پێویستە هەمووان پشتیوانیی تورکیایەکی بێ تیرۆر بکەن."

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەش کردووە "چەند لایەنێک هەوڵ دەدەن لە پرۆسەی ئاشتیدا بازرگانی لە نێوان تورکیا و پەکەکە بکەن، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵێکی تێکدانی پرۆسەکە شکست پێ دەهێنین." 

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە، 03-03-2025، سرری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند "ئەردۆغان ئاگاداری هەنگاوەکانی پرۆسەی نوێی ئاشتییە و لێی دوور نییە."

ئەو ئەندامەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، باسی لەوەش کرد، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەبنەوە و ئەگەری هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەردۆغانیش کۆ ببنەوە. 

ڕۆژی 27ی شوباتی 2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بۆ پەکەکە گوتی "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."

چەند ڕۆژێک دواتر، کۆمیتەی ڕێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند "پابەندی پەیامەکەی ئۆجەلان دەبین و جێبەجێی دەکەن و ئاگربەست ڕادەگەیەنین."

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی کۆنگرەی پەکەکە، ڕایگەیاندووە "پەکەکە پابەندیی خۆی بەرامبەر بە پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان ڕاگەیاندبوو، ئەمە بووە هۆی ئەوەی هیوای ئاشتی زیاتر بێت، لەپێناو بەهەمیشەییکردنی ئەو هیوایە و لەپێناو بەستنی کۆنگرە لەلایەن پەکەکەوە، پێویستە زەمینەیەکی دوور لە پێکدادان بڕەخسێت و سەرجەم چالاکییە سەربازییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا بوەستێنرێت."