هۆڵەندا بەبەهای 400 ملیۆن یۆرۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات

وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، ڕوبین بریکلمانس، ڕایگەیاند، هۆڵەندا 400 ملیۆن یۆرۆ بۆ دیزاین و دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئۆکرانیا، تەرخان دەکات.
وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەدواین سەردانی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا بۆ ئۆکرانیا، ڕایگەیاندووە "هۆڵەندا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا و لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان،بۆ ئەو مەبەستەش نزیکەی 400 ملیۆن یۆرۆ تەرخان دەکات."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هۆڵەندا و ئۆکرانیا پێکەوە کاردەکەن بۆ دیزاینکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و خێراکردنی بەرهەمهێنانی ئەو نموونانەی کە سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە.
تاوەکوو ئێستا هۆڵەندا سەدان تانک و زرێپۆش و تۆپ و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە، هەروەها زیاتر لە 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆریشی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە.
هەروەها هۆڵەندا بەڵێنی داوە 24 فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16، پێشکەش بە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بکات، کە لە چەند مانگی داهاتوودا یەکەم کاروانی ئەو فڕۆکانە ڕەوانە دەکات.