توێژینەوەیەک: تاتۆ مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاد دەکات
توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن کۆمەڵێک زانا کراوە ئاشکرای کردووە، تاتۆ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست یان شێرپەنجەی لیمفاویەکان زیاد دەکات.
سیگن بێدستید کلیمنسن، زانایەکی زانکۆی باشووری دانیمارک و هاوپیشەکانی، دوو دیزاینی توێژینەوەی جیاوازیان بەکار هێناوە بۆ شیکردنەوە و دەستنیشانکردنی شێرپەنجە و شێوازەکانی تاتۆ.
توێژینەوەکە، بەراوردی لە 2367 کەس کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵبژێردراون و جۆرێک لە شێرپەنجەی پێستیان هەبووە لەگەڵ ئەوانەی کە شێرپەنجەی پێستیان نەبووە کردووە، کە دەرکەوتووە ئەوانەی تاتۆیان کردووە مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست نزیکەی چوار هێندە بووە.
توێژینەوەکە، بەراوردێکی لە نێوان 316 کەسی دوانەی وەک خوشک و برا کردووە، دەرکەوتووە کە ئەوانەی تاتۆیان هەیە لەسەدا 33 بۆ 62، مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجە زیاترە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوانەی تاتۆکانیان لە ناو لەپی دەستیان گەورەترە مەترسییەکەیان سێ هێندە زیاترە لە چاو ئەوانەی تاتۆیان نییە.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت شێرپەنجەکانی وەک لیمفۆما زۆر دەگمەنن، ئەوەش بەڵگە نییە کە تاتۆ دەبێتە هۆی شێرپەنجە، بەڵکو ئەوانەی تاتۆ دەکەن لەوانەیە مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجە زیاتر بێت.
لە لێکۆڵینەوەکانی پێشووتر دەریان خستووە کە مەترسی تووشبوون بە لیمفۆما لەو کەسانەدا زیاترە کە تاتۆیان هەیە بە بەراورد بەو کەسانەی کە تاتۆیان نییە، بۆیە ئەم دۆزینەوانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە .
کلیمێنسن دەڵێت: لە توێژینەوەکەماندا پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان تووشبوون بە شێرپەنجە و ڕەنگی تایبەتدا نابینین، ئەوە پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە.
لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2016ـی کۆمیسیۆنی ئەورووپادا دەرکەوتووە، زۆربەی ڕەنگەکانی تاتۆ ڕەزامەندییان لەسەر نەدراوە بۆ بەکارهێنان لەکاری جوانکاریدا، هەندێکیشیان بە شێرپەنجە ناسراون لە کاتی شیبوونەوەیاندا.
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری "ساینس ئەلێرت"ـی زانستی بڵاو کراوەتەوە، ئەگەر بمانەوێت تاتۆ بکەین، پێویستە بە وردی بیر لە جۆرەکانی ڕەنگ بکەینەوە، هەروەها دەبێت بزانین ئایا نەخۆشی، وەک سەدەفمان هەیە یان نا، کە ڕەنگە تاتۆکە توانایی نەخۆشییەکە زیاتر بکات.
