ئۆجەلان بۆ پەرلەمانتارانی دەم پارتی: زیاتر قسە لەسەر ئاشتی بکەن و بۆ خەڵکی باس بکەن

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوای لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی کردووە، قسە لەسەر ئاشتی بکەن و خاوەندراییەتی خۆیان بۆ قۆناغی ئاشتی دەرببڕن.
دوای بانگەوازی چەکدانانی پەکەکە لەلایەن عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کۆبوونەوەکانی دەم پارتی بۆ قۆناغی ئاییندە چڕتر کراون، هاوکات کۆتاکۆبوونەوەش هی هاوسەرۆکی شارەوانییەکان و پەرلەمانتاران بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکی، کۆبوونەوەکە حەوت کاتژمێری خایاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا هاوسەرۆکان داوایان لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کردووە، بەگوێرەی هەستیاریی قۆناغەکە مامەڵە بکەن و خۆیان لە هەر گوتارێک بەدوور بگرن کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پرۆسەکە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، پەیامی دووەمی ئۆجەلان بە پەرلەمانتاران گەیەندراوە و داوای کردووە زیاتر قسە لەسەر ئاشتی بکەن و بۆ خەڵکی باس بکەن.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.