حەماس وەڵامی ترەمپ دەداتەوە و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش هۆشداری دەدات
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە حەماس دەکات، داواکارییەکەی ترەمپ جێبەجێ بکات. بزووتنەوەکەش دووپاتی دەکاتەوە: هەڕەشەکانی ترەمپ، هانی ئیسرائیل دەدات پابەندی ڕێککەوتن نەبێت. هاوکات ئیسرائیل دەڵێت: ئاگاداری گفتوگۆکانی ئەمەریکا و حەماسین.
پێنجشەممە، 06-03-2025، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هیوادارم بزووتنەوەی حەماس داواکەی ترەمپ جێبەجێ بکات و هەڕەشەکەی بە جیددی وەربگرێت، چونکە قسەیەک ناکات، ئەگەر لەوبارەوە جیددی نەبێت."
ڕۆبیۆ ئەم قسانەی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'فۆکس نیوز'ـی ئەمەریکی کرد و دووپاتیشی لەوە کردەوە "ترەمپ، ئارامیی لە بەرانبەر دۆخی بارمتە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس نەماوە و کاتی هاتووە سنوورێکی بۆ دابنێرێت."
هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ حەماس
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 05-03-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پاش پێشوازیی لە ژمارەیەک بارمتەی ئازادکراوی ئیسرائیلی کرد؛ دواتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" پەیامێکی هەڕەشەئامێری ئاراستەی حەماس کرد و گوتی: "ئەمە کۆتا ئاگادارکردنەوەمە بۆ ئێوە. کاتی هاتووە سەرکردایەتیان غەززە بەجێ بهێڵێت، تاوەکوو ئێستە ئەم دەرفەتە لە بەردەم ئێوە و خەڵکی غەززەش ماوە. (خەڵکی غەززە) ئاییندەیەکی گەش چاوەڕێتان دەکات، بەڵام ئەگەر هەر بەردەوام بن لە دەستبەسەرکردنی بارمتەکانتان، دەمرن."
سەرۆکی ئەمەریکا، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە "ئەگەر حەماس داواکارییەکەم جێبەجێ نەکات، هیچ ئەندامێکی سەلامەت نابێت. ئەگەر هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد نەکات، دۆزەخ بەڕوویاندا دەکرێتەوە." باسی لەوەش کرد "هەرچی پێویست بێت بۆ ئیسرائیلی دەنێرم، تاوەکوو کۆتایی بە حەماس بهێنێت."
وەڵامی حەماس بۆ هەڕەشەکانی ترەمپ
لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، حازم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "هەڕەشەکانی ترەمپ هانی ئیسرائیل دەدات، پابەندی هەموو بەندەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە نەبێت."
گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داواشی لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا کرد، فشار لە ئیسرائیل بکات تاوەکوو دەست بە گفتوگۆکانی تایبەت بە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بکات.
هەڵوێستی ئیسرائیل لە گفتوگۆکانی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و حەماس
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ لە کاتێکدان، کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە "ئادەم بولر، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پرسی بارمتەکان، بە ڕاوێژیی ئیسرائیل، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، لە قەتەر کردووە و دەسەڵاتی ئەوەیشی هەیە، بۆ ئازادکردنی بارمتەکان گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەکدا بکات."
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، ناتانیاهۆ ئاگاداری گفتوگۆکانی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و حەماسە و هەڵوێستی خۆیشی لەوبارەوە بە بەرپرسانی واشنتن ڕاگەیاندووە.
هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە کەناڵ14ـی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە "ئەگەر ویستبامان، دەمانتوانی گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و حەماس ڕابگرین." دووپاتیشی کردەوە، ئەو گفتوگۆیانە کاریگەرییان لەسەر پلانی ترەمپ، سەبارەت بە داهاتووی غەززە نابێت.
"ئیسرائیل لە گفتوگۆکان نیگەرانە"
ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی ئیسرائیل بۆچوونی دیکەی جیاوازیان لەبارەی ئەو گفتوگۆیانەوە هەیە، بەوپێیەی ڕۆژنامەی "ئیسرائیل تودەی" لەسەر زاری سەرچاوەیەکی باڵا باسی لەوە کردووە "ئیسرائیل زۆر نیگەرانە لە گفتوگۆکانی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و حەماس."
لە لایەکی دیکەوە نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "ئەگەر گفتوگۆکانی ئەمەریکا و حەماس، ئازادکردنی هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکانی لێ بکەوێتە، دڵخۆش دەبین." جەختیشی کردەوە، تەلئەڤیڤ بەردەوام دەبێت لەگەڵ واشنتن بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس.