وەزیری نەوتی عێراق: بەم زووانە بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا کارا دەکرێت

کۆبوونەوەی لیژنەی عێراقی - تورکی (وێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق)
کۆبوونەوەی لیژنەی عێراقی - تورکی (وێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق)

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەدات: بەم زووانە بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا کارا دەکرێت و لەوانەیە بڕی هەناردەکردنی نەوتیش زیاد بکەن. 

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە، ڕایگەیاند "بەم نزیکانە بۆریی نەوتی عێراق بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا کارا دەکرێتەوە."

عەبدولغەنی ئەم قسانەی لەمیانی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-03-2025ـی لیژنەی عێراق – تورکیا کرد و ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر هەیە لە ڕێگەی نەوتی بەسرەوە، بڕی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی عێراق و تورکیا زیاد بکەن. 

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-03-2025، بۆ جاری دووەم لەم هەفتەیەدا، کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە بەغدا، لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم، بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڕێوە بچێت.

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغی یەکەمدا، ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بڕی 185 هەزار بەرمیلیان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، 115 هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ بەکار دەهێنرێت.

لە ئاداری 2023وە، هەناردەی نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق.

بەپێی ئامارەکان، لەو ڕۆژەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، تا ئێستە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی حکوومەتی عێراق گەیشتووە. 

زیانە ملیار دۆلارییەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وای کردووە دۆخێکی سەختی ئابووری دروستبێت. بەردەوامی ئەم دۆخە جگە لە زیانی زیاتر، هیچ سوود و قازانجێکی بۆ کەس نەبووە.