بەریتانیا بۆ مەبەستی پرۆسەی ئاشتیی ئۆکرانیا پەیوەندی لەگەڵ 20 وڵاتدا دەبەستێت

بەرپرسێکی بەریتانیا ڕایگەیاند: وڵاتەکە بۆ مەبەستی پرۆسەی ئاشتیی ئۆکرانیا، پەیوەندی بە نزیکەی 20 وڵاتەوە کردووە، تا هەمووان پشتیوانیی پرۆسەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست بن.
پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، بەرپرسێکی بەریتانیا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: بەرپرسانی وڵاتەکە لەگەڵ نزیکەی 20 وڵاتدا، کە ئارەزووی بەشدارییکردنیان لە پرۆسەی ئاشتیی ئۆکرانیا هەیە، گفتوگۆیان کردووە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکە دوێنێ بەڕێوەچوو، زۆرینەی وڵاتە ئەورووپییەکان تێیدا بەشدار بوون، تاوتوێی پرۆسی ئاشتیی ئۆکرانییان کردووە و هەمووان پشتیوانییان لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا کردووە.
جەختی لەوەش کردەوە، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو، هەروەها بەریتانیا پێشوازیی لە پشیتوانیی وڵاتە ئەورووپییەکان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە دەکات.
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئامادەیی خۆیان بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکانیان لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند، ئەویش بە مەبەستی دڵنیابوون لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست بە پاڵپشتی ئەمەریکا.